fbpx
Shadow Shadow

ئەنجومەنى دادوەرى لەسەر سزادانى حاکم رزگار روونکردنەوە دەدات..پابەندى دەوام نەبووە

22:03 پێنج شه‌ممه‌ 07 تشرینی دووه‌م 2019
article image

ناس کورد-

ئەنجومەنی دادوەری لەسەر مانگرتنی چەند ڕۆژی ڕابردووی ژمارەیەک لە دادوەرێکی گەرمیان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەهۆی دروستکردنی تۆمەتی ناڕەوا ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو دادوەرانە دەگرنەبەر، هەروەها لە بەرامبەر سزادانی حاکم ڕزگار ئەحمەد، ئاماژە بەوەکراوە “ئەو حاکمە پابەندی دەوامی ئاسایی نەبووە و درەنگ چووە بۆ دەوامکردن، بۆیە ئاگادارکراوەتەوە”.

.

ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ ژماره‌یه‌ك دادوه‌ر و ئه‌ندامی داواكاری گشتی له‌ دادگای ناوچه‌ی گه‌رمیان سه‌باره‌ت به‌ چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و سه‌رۆكایه‌تی دادگای كه‌ركوك-گه‌رمیان گردبوونەوە و مانگرتنیان ڕاگەیاند.

.

ئەنجومەنی دادوەری هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەى بەوە کرد، لێکۆڵینەوەیان لەو پرسانە کردووە کە ئەو دادوەرە مانگرتووانە باسیان لێوەکردووە، بەڵام هیچ شتێک لەو بارەیەوە نەسەلمێندرا و دەرکەوت تۆمەتیان خستووەتەپاڵ سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکوک-گەرمیان و تەکەتولیان لە دژ دروستکردووە.

.

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، ئەو سكاڵایەی چه‌ند دادوه‌رێك دژ به‌ سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی كه‌ركوك-گه‌رمیان تۆماریان کردبوو، ڕەتکرایەوە، چونكه‌ ده‌ركه‌وت هیچ بنه‌مایه‌كی یاساییان نیه‌ و هه‌روه‌ها ئەو دادوەرانە ڕەوانەی لیژنه‌ی كاروباری دادوه‌ران دەکرێن، له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ دروستیانکردووە.

.

هاوکات سەبارەت بە سزادانی ڕزگار ئەحمەد، کە ئەندامی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانە، ئەنجومەنی دادوەری ئاماژەی بەوەکردووە: “ئه‌و به‌ڕێزه‌ تەنها ئاگادار كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ پابه‌ند بێت به‌ ده‌وامی فه‌رمی خۆی، چونكه‌ هه‌موو رۆژێك كاتژمێر 9:30 ئاماده‌ ده‌بێت بۆ ده‌وام، هه‌روه‌ها كه‌مته‌رخه‌می له‌ ڕاپه‌راندنی ئه‌ركه‌كانی له‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ ئاماده‌ نابێت له‌ به‌شداریكردن له‌ تاوتوێكردنی كێشه‌و داواكان له‌ هه‌ردوو ده‌سته‌ی سزای و شارستانی”.

.

راگەیەندراوەکە لە کاتێکدایە ڕزگار ئەحمەد، ئەندامی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، بە ناس کوردی وت “لەهەفتەی ڕابردوەوە، حاكم به‌نگین محه‌مه‌د سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری واژۆی نوسراوێکی کردوە، کە ئاگادارکردنەوەیە بۆ من، بەڕای من ئەوە سزادانی منە و کارێکی تەواو نایاسیشە، و بڕیارم داوە بە ڕێکاری یاسایی بەنوسراوی فەرمی وەڵامیان بدەمەوە”.

.

ئاماژەی بەوەشکردبوو: “من ڕۆژانە دەوامی خۆمم کردوە لە دادگا بەڵام ماوەیەکی زۆرە نیگەرانی خۆم دەربڕیوە لەشێوازی کارکردنی دادگای تەمیز بۆیە بەشداریم نەکردوە لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریدا”.

.

سەرسوڕمانى خۆشى دەربڕى بەوەى نووسراوه‌ نهێنیه‌كان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوده‌بنه‌وه و ئاماژەى بەوە کرد “نووسراوه‌كه‌ به‌ نهێنی ئاراسته‌ی دادوه‌ری ناوبراو كراوه”‌.

.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل