fbpx
Shadow Shadow

ئەمشەو عێراق دەیەوێت وەک یەکەم هەڵبژاردە بگاتە قۆناغی پێش کۆتایی جامی کەنداو

16:36 هه‌ینی 29 تشرینی دووه‌م 2019
article image

ناس کورد-

بڕیارە کاتژمێر 5:30 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕی دووەمی قۆناغی کۆمەلەکانی جامی کەنداودا هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئیمارات ڕوبەڕوی یەک ببنەوە و عێراق دەیەوێت وەک یەکەم هەڵبژاردە خۆی بگەیەنێتە قۆناغی پێش کۆتایی.

.

لەئێستادا هەڵبژاردەی عێراق لەژێر سەرپەرشتی کاتانیچێ ڕاهێنەری کرواتی ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات و یاری ڕابردووی بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە قەتەڕی میوانداری پاڵەوانێتییەکە بردەوە، هەرچی ئیماراتیشە بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە یەمەنی بردەوە و ورەیەکی بەرزی هەیە.

.

هەڵبژاردەی عێراق لە یاری ڕابردوودا بە پێکهاتەیەکی لاوەوە یاری کرد و هەندێک گۆڕانکاری کردبوو، بەڵام چاوەڕواندەکرێت بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ کاتانیچ بەتەواوی ئەستێرەکانییەوە بچێتە یارییەکەوە و هەموو هەوڵێک بدەن بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە.

.

لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا جاری یانزەیەمە هەردوو‌ هه‌ڵبژارده‌کە رووبه‌ڕووی یەک ده‌بنه‌وه‌، کە تیایدا ئیمارات سێ بردنه‌وه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌ و عێراقیش خاوه‌نی دوو بردنه‌وەیە‌، له‌ پێنج یاریشدا یه‌كسان بوون، ماوەی 40 ساڵیشە عێراق له‌ جامی كه‌نداو نه‌یتوانیوه‌ له‌ ئیمارات بباته‌وه‌ و بۆیە سه‌ركه‌وتن له‌ یارییەکەی ئەمڕۆدا ده‌بێته‌ بردنه‌وه‌یه‌كی مێژوویی بۆ عێراق.

.

هەرچەندە لەئێستا لە ڕووی سیاسی و ئەمنییەوە عێراق بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕدەبێت و ماوەی مانگێکە خۆپیشاندانی فراوان زۆرێک لە شارەکانی عێراقی گرتووەتەوە، بەڵام خۆپیشآندەران لەکاتی یارییەکانی هەڵبژاردەکەیاندا، بە تامەرزرۆییەوە تەماشای یارییەکە دەکەن و هەر بەوبۆنەیەشەوە شاشەیەکی زۆر گەورە لە گۆڕەپانی تەحریر بۆ خۆپیشاندەران دانراوە، بۆ سەیرکردنی یارییەکانی عێراق.

.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل