fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

ئامانجى واشنتن چییە؟

ئەمریکا چاوی لە نەوت و وزەی هەرێم بڕیوە (تایبەت)

21:35 دوو شه‌ممه‌ 17 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

دواى هەڵکشانى ئاڵۆزییەکانى لەگەڵ ئێران لەسەر خاکى عێراق و هەوڵى بەغدا بۆ کردنەدەرەوەى هێزەکانى ئەمریکا، واشنتن و هەرێمى کوردستان زیاتر لە یەکنزیکبوونەتەوە و ئەو وڵاتە دەیەوێت پێگەى خۆى لە هەرێم قایمتر بکات بەتایبەتى لە کەرتى نەوتدا.

.

هەرێمى کوردستانى عێراق بەهۆى پێگە ستراتیژیەکەى و بونى نەوت تێیدا جێى بایەخى ناوچەکە و جیهانیشە، سەرنجى دەیان کۆمپانیاى زەبەلاحى نەوتى بیانى بەدرێژایی ساڵانى ڕابردوو تا ئێستاش بەلاى خۆیدا ڕاکێشاوە.

.

لە گەرمەى پەرەسەندنى گرژیەکانى نێوان ولایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا و کۆمارى ئیسلامى ئێران بەتایبەتى دواى کوشتنى قاسم سولەیمانى سەرکردەى پێشوى فەیلەقى قودسى ئێران، گرژیەکانى نێوان عێراق و ئەمریکاش پەرەى سەندوەو داواکارى شیعەکانى عێراق گەیشتە ئەو رادەیەى لەپەرلەمانەوە داوا لە حکومەت بکرێت کە هێزە بیانیەکان لە عێراق دەربکرێن، بەهۆى ئەوەشەوە تاکە شوێن لە عێراقدا کە بەدەست ئەمریکاوە مابێت و هاوپەیمانێکى دڵسۆزى ئەمریکیەکان بێت هەرێمى کوردستانە کە ئێستا وردە وردە رودەکات ئەو هەرێمە.

.

لەو کاتەوە گفتوگۆکانى نێوان بەرپرسانى ئەمریکا و هەرێم بەرەو زیادبون چوەو ئەمریکا هەوڵى ئەوە دەدات لە ئەگەرى دەرکردنى لە عێراق لە هەرێم بگیرسێتەوە و نایەوێت بەئاسانى دەستبەردارى ناوچەکە ببێت، لەماوەى دواییشدا باسوخواسى دانانى سیستمى پاتریۆت لە هەرێمى کوردستان سەریهەڵدا بەڵام تائێستا هیچ شتێکى فەرمى لەو بارەیەوە نییە.

.

زیاتر بزانە: بۆچى ئەمریکا دەیەوێت پاتریۆت لە هەرێم جێگیر بکات؟ [تایبەت]

.

هەنگاوەکانى ئەمریکا بەرەو هەرێمى کوردستان بەدوو ئاڕاستەیە، ئاڕاستەى سەربازى کەرتى نەوت، کە ڕەنگە بیەوێت لەڕێگەیەوە دوو ئامانج بپێکێت، یەکەمیان فشارکردنە سەر بەغدا کە دەتوانێت لە ناوچەیەکى خاکى عێراقى دوور لە هەژمونى حکومەتى ناوەندى بەرژەوەندییەکانى بپارێزێت، دووەمیان جێنەهێشتنى گۆڕەپانەکە بۆ کۆمپانیا زەبەلاحە نەوتییەکانى ڕوسیا.

.

ئەو نزیکبوونەوەیە بۆ هەرێمى کوردستانیش ماناى خۆى هەیە، بەتایبەت کە بەردەوام لەگەڵ بەغدا لە ململانێدایە لەسەر نەوتەکەى، رەنگە بیەوێت لەو رێگەیەوە فشار لەسەر بەغدا دروستبکات بۆ بەدەستهێنانى دەستکەوتى زیاتر و گەرەنتیکردنى وەرگرتنى شایستە داراییەکانى و شایستەکانى کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان.

.

لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە کۆنفرانسى ئاسایشى میونشندا لەگەڵ وەزیرانى دەرەوە و بەرگرى و وزەى ئەمریکا کۆبووەوە کە یەکێک لە تەوەرى گفتوگۆکانیان تاوتوێکرنى پرسی هاریکارى بووە لە بوارى وزەدا.

.

بەپێی بەیاننامەیەکى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا، مایك پۆمپیۆ و مه‌سرور بارزانی رێككه‌وتوون له‌سه‌ر پێكه‌وه‌كاركردنی نزیك و به‌رده‌وام له‌نێوان ئه‌مریكا و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی ستراتیژیی نێوان ئه‌مریكا و عیراق.

.

دواتریش مایك پۆمپیۆ له‌ تویتێكدا نوسیوێتی، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا سوپاسی مه‌سرور بارزانی كردووه‌ له‌به‌رامبه‌ر هاوبه‌شیی نه‌گۆڕی و پابه‌ندبوونی بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ ئاسایشی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌مریكییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، هەروەها “مه‌سرور بارزانی”یش له‌ تویتێكدا رایگه‌یاندبوو، له‌گه‌ڵ پۆمپیۆ هاوڕابوون كه‌ پێویسته‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌ بمێننه‌وه‌ بۆ تێكشكاندنی یه‌كجاریی داعش.

هەر لە پەراوێزى کۆبونەوەکانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ “دان برۆیلیت” وەزیرى وزەى ئەمریکا کۆبویەوە و سەبارەت بە کۆبونەوەکەى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا بە رۆژنامەنوسانى وت، لەگەڵ وەزیرى وزەى ئەمریکا لەسەر هاوکارى کردن و پشتیوانیکردن بەتایبەتى لەکەرتى وزە گفتوگۆیان کردوە، ئەوان زۆریان پێخۆش بوە کە پەرە بەپەیوەندیەکان بەتایبەتى کەرتى وزە بدەن لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا، بۆ ئەوەش دواتر قسەى زیاترى لەسەر دەکەین لەڕوى تەکنیکیەوە.

.

دان برۆیلیت، وەزیرى وزەى ئەمریکا پێش کۆبونەوەکەى لەگەڵ مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە پەراوێزى کۆنفرانسى ئاسایشى میونشن 2020 بەرۆژنامەنوسانى وت، “سەرەڕاى ئەوەى هەرێمى کوردستان وڵاتێکى کەنارى نییە” لەهەموو لایەکەوە بە وشکانى دەورە دراوە بەڵام توانایەکى گەورەى لەبەرهەمهێنانى نەوتدا هەیە”.

وتیشى، “بەهۆى موعجیزەیەکەوە ئاهەنگ دەگێڕین ئەویش ئەوەیە کە کورد سەرەڕاى پێگەکەى کە لەناوەڕاستى ئەو ناوچەیەدایە بەڵام لە ئەمڕۆى لیبیا زیاتر نەوت هەناردە دەکات، ئەوەش بەهۆى سەرکردایەتیەکى باشەوەیە و دەشیانەوێت هاوکارى هەرێم بکەن بۆ زیادکردنى بەرهەمهێنانى نەوت.

.

شێرکۆ جەودەت، ئەندامى لیژنەى وزه‌ و سامانە سروشتیه‌كان لە پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى وت، ئاگادارى ئەوە نین ناوەڕۆکى هاریکاریەکانى نێوان هەرێم و ئەمریکا لەسەر چ بنەمایەکە، بەڵام لەهەر حاڵەتێکدا کاریکارى لە بوارى وزە بەمەرجى پاراستنى بەرژەوەندیەکانى هەرێم پەسەندە، بەڵام ئەگەر پێچوانە بێت وهەرێم بەکاربهێنرێت ئەوە جێى قبوڵ نییە.

.

سەبارەت بەوەى هەرێمى کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا ئەم کارە دەکات وتى، ئەمە پێشتریش کراوە و ئەو کۆمپانیایانەى لە هەرێم کاردەکەن و پێشتر هاتون بە ڕەزامەندى بەغدا نەبوون.

.

لە وەڵامى پرسیارێکدا لەبارەى ئەوەى ئایا ئەمە ئەزمونى سوریا دوبارە ناکاتەوە کە ئەمریکا بیرە نەوتیەکانى باکور و خۆرهەڵاتى ئەو وڵاتەى کۆنترۆڵ کردوەو داویەتییە دەست هێزە کوردیەکان و لەبەرابەریش حکومەتى سوریا ناڕازیە، شێرکۆ جەودەت وتى “ئەمە هەمان شت نییەو تەجروبەى سوریا و هەرێمى کوردستان لەو بوارەدا جیاوازە”.

.

لەکۆى دەیان کۆمپانیاى گەورە جیهانى کە لە هەرێمى کوردستان کاردەکەن ژمارەیەکیان ئەمریکین لەناویاندا دوو کۆمپانیاى دیارى ئەمریکى دەبینرێن ئەوانیش “ئێکسۆن مۆبیل و شیفرۆن”ن، هەروەها کۆمپانیاى “گاز پرۆم”ى روسیش بە بەهێزى خۆى لە مەیدانەکەدا سەپاندوە.

.

مانگى ڕابردوو، وەزیرى وزەى ئەمریکا و مەسرور بارزانى لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا جەختیان لە پاڵپشتى فراوانکردنى رۆڵى کۆمپانیاکانى وزەى ئەمریکا لە هەرێم کردەوە و ڕێککەوتن هەماهەنگى بکەن لەو بارەیەوە.

.

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە تویتێکدا ڕایگەیاند، پێکەوە کار بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و زیادکردنی وەبەرهێنانی ئەمریکا لە کەرتى وزەی هەرێمدا دەکەن و لەو بارەیەوە لە پەیوەندى بەردەوامدا دەمێننەوە.

تا ئێستا دیار نییە بەغدا هەروا سەیرى نزیکبوونەوەى واشنتن و هەولێر دەکات لە بوارى نەوتدا یاخود هەڵوێستێکى دیکەى دەبێت، بەتایبەت کە بەغدا بەردەوام چاوى لەوەیە هەناردەى نەوتى هەرێم بخاتەوە ژێر ڕکێفى خۆى.

.

غالب محەمەد، ئەندامى لیژنەى نەوت و وزە و سەرچاوە سروشتیەکانى پەرلەمانى عێراق بە ناس کوردى وت، “ئەم قسانەى ئەمریکا بەشێکى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێوە نەوتێکى زۆر هەناردە دەکەن بەڵام هاوڵاتیەکانتان هیچیان نییە، کۆمپانیا گەورەکانى ئەمریکا لە عێراق کار دەکەن و ئەگەر لەهەرێمیش کار بکەن و هاوکاریمان بکەن خراپ نییە، بەڵام گرنگ دەرهێنانى نەوت نییە و گرنگ ئەوەیە داهاتەکەى بۆ کوێ دەڕوات، نە دەدرێتە بەغداو نە دیاریشە واتا لەم هاوکێشەیەدا تەنها هاوڵاتیان زیان دەکەن”.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل