fbpx
Shadow Shadow

ئەردۆغان: هەرگیز ئاگربەست ڕاناگەیەنین

ئەمریکا فشارەکانى لەسەر تورکیا چڕ دەکاتەوە..هەڕەشەى سەپاندنى سزاى زیاتر دەکات

08:46 چوار شه‌ممه‌ 16 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد-

بەرپرسێکى گەورەى ئیدارەى ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەى فشارە دیبلۆماسییەکانى بۆ سەر تورکیا چڕدەکاتەوە و سزاى زیاترى بەسەردا دەسەپێنێت، ئەگەر ئاگربەست ڕانەگەیەنێت، ئەردۆغانیش جەختدەکاتەوە کە ئاگربەست ڕاناگەیەنن.

.

بەرپرسەکە کە ناوى نەهێنراوە ئاماژەى بەوەکردووە، هێرشەکەى تورکیا “فەوزا” دوستدەکات لە بەشێک لە باکورى سوریا کە سەقامگیرییەکى ڕێژەیی بەخۆوە دەبینێت.

.

وتیشى “وەفدێکى ئەمریکا کە لەلایەن مایک پێنس جێگرى سەرۆکى ئەمریکاوە سەرۆکایەتى دەکرێت ئەمڕۆ دەچێتە تورکیا بۆ ئەنجامدانى دانوستانى زیاتر لەو بارەیەوە”.

.

بەوتەى بەرپرسەکە، پلانى ئێستایان بەردەوامیدانە بە فشار لەسەر تورکیا و هەڵسەنگاندنى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیان. ئاگربەستیش هۆکارێکى سەرەکییە بۆ گەڕانەوەى پەیوەندییەکانیان بۆ دۆخى ئاسایی.

.

ڕونیشیکردووەتەوە “مەبەستمان لە ئاگربەست وەستاندنى پێشڕەوییەکانى تورکیایە، ئەگەر چارەسەرى قەیرانەکە نەکرێت، ئامادەین سزاکانمان زیادبکەین”.

.

واشنتۆن لەدوو ڕۆژى ڕابردوودا زنجیرەیەک سزاى بەسەر تورکیادا سەپاند، بەڵام هێشتا بەرپرسانى ئەو وڵاتە جەخت لەبەردەوامیدان بە هێرشەکانیان دەکەنەوە بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان.

.

بەپێی کەناڵى (ئێن تى ڤى) تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا بە دۆناڵد ترەمپى ڕاگەیاندووە، هەرگیز ئاگربەست لە باکورى سوریا ڕاناگەیەنن و نیگەران نین سەبارەت بە سزاکانى ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەى بەهۆى هێرشەکەوە.

.

وتیشى “دانوستانەکانمان لەگەڵ واشنتن و مۆسکۆ لەبارەى کۆبانێ و منبجەوە بەردەوامە، کارێکى خراپیش نییە کە هێزەکانى سوریا چوونەتە منبج، مادام شەڕڤانە کوردەکان کشاونەتەوە”.

.

ماوەى زیاتر لە هەفتەیەکە تورکیا هێرشى بەرفراوانى بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان دەستپێکردووە و شەڕڤانانیش بەرەنگارى هێرشەکە بوونەتەوە، بەپێی ڕێککەوتنى هەسەدە و دیمەشقیش، هێزەکانى سوریا ڕەوانەى ناوچە سنورییەکان کراون بۆ پاراستنیان لەهێرشەکانى تورکیا.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل