fbpx
Shadow Shadow

له‌دوای هه‌ڕه‌شه‌كانی تره‌مپ به‌ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر پاره‌ی عێراق

ئەمریکا دەتوانێت ئابوری عێراق ئیفلیج بکات؟

13:59 دوو شه‌ممه‌ 13 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس کورد-

 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هۆشداری لەو سزایانە دەدات کە ئەمریکا بۆ عێراقی ئامادەکردووە و ئاماژە بەوە دەکات، 35 ملیار دۆلاری پارەی نەوتی عێراق لە بانکەکانی ئەمریکادایە و دەتوانێت ئابوری عێراق ئیفلیج بکات.

.

فەیسەڵ عیساوى، ئەندامى لیژنەى دارایی لە پەرلەمانى عیراق لەمیانه‌ى بەشداریکردنی لەبەرنامەیەکى تەلەفزیۆنیدا، ڕایگەیاند، سه‌رۆكی ئه‌مریكا هەڕەشەى دەستگرتن بەسەر پارەى عێراق لە بانکەکانى ئەمریکادا دەکات کە نزیکەى 35 ملیار دۆلارە گەر هاتوو حکومەتى عێراق پابەند بوو بەدەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا لەعێراق.

.

ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، ئابورى عێراق لەسەر دۆلارى ئەمریکى ڕاوەستاوە، ئەوەش لە ڕێگەى پارەى فڕۆشتنى نەوتەوە دەستى دەکەوێت، بە ڕاگرتنى دۆلار بۆ ناو عێراق و ڕاگرتنى حەواڵەى ئەو دراوە ئابورى عێراق توشى ئیفلیجى دەکات، لەبەر ئەوەى هەموو حەواڵەى دۆلار لە جیهاندا بەناوەندى حەواڵەى ئەمریکادا تێپەڕ دەبێت و جێبەجێکردنى ئەو سزایەش بەلاى تڕەمپەوە ئاسانە.

.

بەوتەى عیساوى، لەکاتى جێبەجێکردنى سزاکانى ئەمریکادا لەدژى عێراق ئەوا لەو سزایەى کە بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە قورستر دەبێت، چونکە ئێران دەرچەى دیکەی هەیە و  پایەى ئابورییەکەشى تەنها پشتى نەبەستووە بە پارەى نەوت.

.

ئەندامەکەى لیژنەى دارايى پەرلەمان ڕونیکردەوە، لە 40%ى پارەى عێراق لە بانکەکانى ئەمریکادایە و لە 60% لەبانکەکانى وڵاتانى دیکەدایە، بەڵام بە دۆلارى ئەمریکى هەڵگیراوە و لە ئەگەرى سەپاندنى سزاکان بەسەر عێراقدا ئەوا ئەمریکا دەتوانێت دەستبەسەر هەموو ئەو دراوانەدا بگرێت بەو پێیەى دراوى ئەمریکییە و ناتوانێت ڕەوانەى عێراق بکرێتەوە.

.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی هۆشدارى ئەوەشیدا، لە ئەگەرى سەپاندنى سزاکانى ئەمریکادا لێکەوتەى خراپى دەبێت و گەر بۆ چوونە ناو ئەو ململانێیەوە ئامادەن ئەوا دەبێت ئابورى عیراق بەهێز بکرێت و تەنها پشت بە دۆلار نەبەسترێت لە ئابوریدا ئەو کات بچنە ناو ململانێکەوە، بەپێچەوانەشەوە ناکرێت ڕاستەوخۆ و بەیەک چرکە کە شوێنکەوتەى خێراى لێدەکەوێتەوە بچنە ململانێوە لەگەڵ واشنتۆندا.

.

وتەکانى ئەو ئەندامەى لیژنەى دارایى پەرلەمان دواى ئەوە دێت، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دۆناڵد تڕەمپ هەڕەشەى ئەوەى کرد، لەبەرامبەر جوڵانى عێراق بۆ دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا لەو وڵاتەدا، ئەوا دەتوانن سزاى ئابورى قورس بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنن و بۆ ئەو مەبەستەش 35 ملیار دۆلارى عێراق لەبانکەکانى ئەمریکادایە.

.

 

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل