fbpx
Shadow Shadow

بەرپرسانى هەرێم زانیارییان لەبارەیەوە نییە

ئێران بەنیازە حەوت بانک لە هەرێمی کوردستان و عێراق بکاتەوە[تایبەت]

18:42 دوو شه‌ممه‌ 30 ئه‌یلول 2019
article image

ناس کورد –

بانکێکی کۆماری ئیسلامی ئێران بەنیازە حەوت لقی بانکی کشتوکاڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکاتەوە و بەرپرسانی هەرێمیش بێئاگایی خۆیان لەو بارەیەوە ڕادەگەیەنن.

.

ئەمڕۆ (دووشەممە، 30ی ئەیلولی 2019)، کۆڕش پەروێزیان، سەرۆکی کۆمەڵەی بانکە تایبەتیەکانی ئێران بە ئاژانسی فارس نیوزی ڕاگەیاند “بانکی ناوەندی ئێران مۆڵەتی کردنەوە حەوت لقی بانکی لە عێراق، بە بانکێکی وڵاتەکەی داوە و بڕیارە لەماوەی چەند مانگی داهاتودا ئەو بانکانە لە چەند شارێکی جیاوازی عێراق بکرێنەوە”.

.

کۆڕش پەروێزیان، ئاماژەی بەوەدا، هەتا ئێستا دوو لقی بانکەکانیان بە سەرمایەی 50 ملیۆن دۆلار بۆ هەر یەکێکیان، کردووەتەوە و خەریکی ئامادەکاریشن بۆ کردنەوەی پێنج لقەکەی دیکە.

.

بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد یەکێک لە بانکەکان لە شاری هەولێر دەبێت و شەش بانکەکەی دیکەش لە شارەکانی دیکەی عێراق دەبێت و کاری ئەو بانکانەش ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان شارەکانی عێراق و ئێران و هەروەها قەرزدان دەبێت بە جوتیاران و خاوەن کێڵگەکان بۆ کڕینی تۆوی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و کڕینی کەلوپەل و پێداویستی کشتوکاڵی لە وڵاتى ئێران.

.

لەبارەی کردنەوەی ئەو بانکانەوە عەبد مزوری بەڕێوبەری بانکی ناوەندی عێراق لە هەرێمی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند “تا ئێستا ئێمە بەهیچ شێوەیەکی فەرمی ئاگادار نەکراوینەتەوە لە کردنەوەی ئەو بانکانە و ناشزانرێت ئایا ئەو بانکانە کە ئێران دەیەوێت لە عێراق بیکاتەوە ناویان لەلیستی بانکە قەدەغەکراوەکانی ئەمریکا هەیە یاخود نا”.

.

عەبد مزوری ئاماژەی بەوەکرد “یەکەم کەس لەکردنەوەی ئەو بانکانە کە سود مەند دەبێت وڵاتی ئێرانە چونکە ئەوان داهات و پارەی کاشیان دەست دەکەوێت لە جوتیارانی هەرێمەوە بەرامبەر فڕۆشتنی کەلوپەل و پێداویستی کشتوکاڵی بە جوتیارانی هەرێم”.

.

وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى حکومەتى هەرێم رەتیدەکاتەوە پڕۆژەى کردنەوەى لقەکانى بانکە ئێرانییەکە بووبێتە فەرمى و بێئاگایى خۆى راگەیاند لە کردنەوەى هەر بانکێکى لەو جۆرە.

 

.

حسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە ناس کوردی وت “پێشتر کونسوڵی ئێران لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ وەکو بیرۆکە باسی لەوە کردبوو کە دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستانیش بانکی کشتوکاڵی بکەنەوە”.

.

روونیکردەوە، بەرپرسانی ئێران لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتونەتە جۆرێک لە ڕێککەوتن بۆ کردنەوەی ئەو بانکانە بەڵام تا ئێستا نەکراونەتەوە و  هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش هیچ شتیکی فەرمی نەبووە”.

.

ناس کورد  زیاد لە جارێک پەیوەندی کرد بە محەمەد فارس، تاکە ئەندامی کورد لە لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی عێراق بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.

.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل