fbpx
Shadow Shadow

كێ بۆشایی قاسم سوله‌یمانی پڕ ده‌كاته‌وه‌؟

ئایندەى میلیشیا چەکدارەکانى عێراق و ناوچەکە لەنێوان موقتەدا سەدڕ و حەسەن نەسروڵادا

17:51 چوار شه‌ممه‌ 15 كانونی دووه‌م 2020
article image

ناس كورد-

 

بەگوێره‌ی خوێندنه‌وه‌كانی ناس کورد بۆ پەیامە توند و دەرکەوتنە جیاوازەکانى موقتەدا سەدر کە دواى کوژرانى سولەیمانى و ئەبومەهدى لەدژى هێزەکانى ئەمریکا لەعێراق گرتویەتیە بەر، هەوڵى فەرماندەیکردنى میلیشیا چەکدارەکان لەعێراق و ناوچەکە دەدات و بۆ  ئەو مەبەستەش کێبڕکێ دەکەوێتە نێوان خۆیى و نەسروڵا.

.

یەکێکى ترى خوێندنەوەکان ئەوەیە سەدر ناکۆکى و جیاوازییە ئایدۆلۆژى و فیکرییەکانى لەگەڵ کۆمەڵێک فەرماندەى میلیشیاکاندا تێدەپەڕێنرێت و جیاوازتر لەڕابردوو هەوڵى یەکخستنى ئەو بەرەیە لەدژى ئەمریکا دەدات.

.

پڕکردنەوەى کورسییەکى بەتاڵى فەرماندەیەک

.

لەیەکەمین راگه‌یه‌ندراویدا کە دواى ڕوداوى کوشتنى سولەیمانى لەڕۆژى 3ى ئەم مانگە بڵاوى کردەوە، موقتەدا سەدر خۆى وەکو بەرپرسى بەرخۆدانە نیشتیمانیەکانى عێراق دژى هێزە بیانیەکان وەسف کرد و سیفەتى موجاهیدى لکاند به‌خۆیەوە، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوانەى کە هەستى سەدر بۆ چۆڵبونى کورسى فەرماندەى میلیشیا چەکدارەکان دەبینن، کە ئەو دەرفەتى پڕ کردنەوەى شوێنەکەى هەیە.

.

بەگوێره‌ی بۆچوونى گروپێک کە لەگەڵ ئەو دیدەدان، سەدڕ  لەو باوەڕەدایە بۆشاییەکانى پیاوێکى بەهێزى وەکو سولەیمانى دەرفەتێکى دەگمەنە بۆ ئەوەى ئەو پڕى بکاتەوە و خۆى بکاتە فەرماندەى میلیشیاکانى عێراق و تەنانەت ناوچەکەش، دواى ئەوەى نزیکەى بیست ساڵە قاسم سولەیمانى ئەو ڕۆڵەى دەبینى.

.

چەندین ساڵە  سەدڕ لەبەرەى دژە هەژموونى ئێران لە  عێراقدا دادەنرێت، بەپێى بۆچونى خاوەن ئەم دیدەیان سه‌دڕ هەوڵى پڕ کردنەوەى ئەو بۆشاییە ده‌دات و هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ ده‌دات بژاردە سیاسیەکان لەدەرەوە بۆ ناوەوەى عێراق بگەرێنێتەوە، ئەوەش لەڕێگەى ورژواندنى پرسى دەرکردنى هێزەکانى ئەمریکا و دەشیەوێت وەکو ڕابردوو تێنەڕێت و لەگێمى دووەمدا کەمترین زیانى بەربکەوێت نەک وەکو پێشتر کە دواى ڕوخانى ڕژێمى بەعس زیانێکى زۆر گەیشتە هێزەکانى مەهدى.

ئایندەى میلیشیا چەکدارەکانى عێراق و ناوچەکە لەنێوان موقتەدا سەدڕ و حەسەن نەسروڵادا

 

.

کەرنەڤاڵى پەلەقاژێ و دروشمبازى

.

لەلایەکى تریشەوە لەپێنج ساڵى ڕابردودا چەند میلیشیایەکى سەر بە ئێران لەعێراقدا بەردەوام سەدریان بەوە تۆمەتبار کردووە کە نزیکە لەبلۆکى ئەمریکاوە لەناوچەکەدا بەتایبەت دواى ئەوەى سەردانێکى بۆ سعودیە ئەنجامدا و لەگەڵ شانشینى ئەو وڵاتەدا کۆبوویەوە.

.

بەڵام لایەنگرانى سەدڕ  لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەدا وەڵامیان هەبووە بەتایبەتى لەوتارەکانى سەدر و لایەنگرانیدا خۆیان بەوە هەژمار کردووە کە یەکەمین گروپ بوون لەبەرامبەر بلۆکى سەربازى هێزەکانى ئەمریکادا بەرەنگارییان کردووە و بەو هۆیەشەوە قوربانیانداوە و سەدان کەسیش لەلایەنگرانیان خراونەتە کونجەکانى زیندانەوە، ڕەوتى سەدریش خۆى لەوەدا بینیوەتەوه‌ بەردەوام دەکرێتە ئامانجى پڕوپاگەندە میدیایەکانى هێزە میلیشیاکانى ترى نزیک لەئێران لەعێراقدا.

.

بەپێى دیدەوانانى ئەم بۆچوونە، سوربوونى سەدڕ بۆ بەرزکردنەوەى توندى  ئاستى وتارەکانى لەئێستادا دژى ئەمریکا بۆ ڕونکردنەوەى هەڵوێستە حەقیقیەکانیەتى و هەروەها بۆ ئەوەشە کە دەرفەتى ئەوە نەهێڵێتەوە موزایەدەى بەسەردا بکرێت لەو پرسەدا کەزۆرجار تۆمەت و موزایەدەى ئەوەى بەسەردا کراوە بەرەو ئەمریکا مەیلگیرترە وەک لەئێران.

.

بەلاى دیدەوانانى ئەو بۆچونەوە، توندکردنەوەى زمانى هەڕەشەکردنى سەدڕ  لەدواى کوژرانى قاسم سولەیمانى و ئەبو مەهدى موهەندیسەوە زیاتر ڕونبووەتەوە، بەتایبەت پەنابردن بۆ بژاردەى سەربازى و بانگەشەکردن بۆ دامەزراندنى فەوجى سەربازى نێو دەوڵەتى، ئەم بانگەشانەش وا لەو گروپانە دەکەن کە پێشتر تۆمەتیان دەخستە پاڵ سەدڕ بەوەى هەژموونى ئێران سنوردار دەکات، گومانەکەیان نەمێنێت و ناچاریشبن بەوەى بەشدارى خۆپیشاندانە ملیۆنیەکەى بکەن کە سەدڕ لەدژى هێزەکانى ئەمریکا داواى ڕێکخستنى ده‌کات.

ئایندەى میلیشیا چەکدارەکانى عێراق و ناوچەکە لەنێوان موقتەدا سەدڕ و حەسەن نەسروڵادا

.

پێشبینى مەترسى داوەشینى میلیشیاکان

.

بەپێى دیدەوانانى بۆچونى سێیەم ، هەنگاوەکانى سەدڕ پراگماتیکى (بەستنەوەى تیۆرە بەواقیعەوە) لەخۆناگرێت، چونکە سەرکردەیەک کە پێشتر خۆى گلەیى و رەخنەى لە چەند گروپێکى میلشیایى هەبوبێت و ئێستاش هەست بەبۆشایى سەرکردەیەک لەشێوەى قاسمى سولەیمانى بۆ کۆکردنەوەیان بکات، پێناچێ کارێک بکات بیەوێت ئەو گروپانە لێک داوەشێن کە ئەوەش نابێتە مایەى بەزەیى لەپاشەڕۆژدا بۆى، ئەمە پاڵ بەسەدڕەوە دەنێت دەرگاى ئاوەڵا بکات بۆ چەند کەسایەتیەک کە پێشتر لەزۆر ڕووى هەڵسوکەوت و بیروباوەڕیانەوە لێکدوور بن.

.

لەلایەکى تریشەوە، سیناریۆکانى ئەگەرى پێکدادانى شیعە و شیعە لەژێڕ کاریگەرى ململانێکانى ئێران و ئەمریکا لەعێراقدا وا لە سەدڕ دەکات و پێش بکەوێت و ئەو سینارۆیە لەبارببات.

.

فەرماندەى میلیشیاکان چۆن مامەڵە لەگەڵ بیرۆکەکەى سەدڕا بکەن؟

.

فەرماندەى میلیشیا چەکدارەکان نکۆڵى لەوە ناکەن  لەسەر ئاستى سەرکردایەتیکردن و کاروبارەکانى ڕێکخستن ، بەکوشتنى قاسم سولەیمانى و ئەبو مەهدى موهەندیس گورزێکى گورچکبڕیان بەرکەوت، گەرچى ئەو فەرماندانە لەسەر جێبەجێکردنى فەرمانە نهێنینەکانى ویلایەتى فەقێى خامنەیى رێکەوتبێتن بۆ دژایەتى ئەمریکا بەڵام کۆمەڵێک جیاوازیان لەسەر ئاستى رێکخراوەیى هەیە، ئەوەش زۆرجار بۆ فرە فەرماندەى ئەو میلیشیایانە دەگەڕێتەوە بەپێچەوانەى ئەزمونەکانى یەمەن کە لەلایەن عەبدولمەلیکى حوسیى و لەلوبنانیش لەلایەن ئەمیندارى حزبوڵا و لەفەڵەستین بزوتنەوەى حەماس بەرەى بەرخۆدانى ئەمریکا بەڕێوە دەبرێن.

.

بەپێى خوێندنەوەى ئەو سیناریۆیە، ڕەنگە ئەو فەرماندانە لەدەورى سەدڕ کۆببنەوە، گەرچى سەدریش خۆى ئەو مەیدانەى نەکردبێتەوە، بەڵام گروپێک لەو فەرماندانە خواستى ئەوەیان هەیە لەدەورى ئەو خێمە پەرشوبڵاوانەدا کۆببنەوە، هەرچەندە ژمارەیەکى زۆرى لەوانەش ئەو کارە بە جدى نازانن و پێیانوایە هێشتا پەیوەندییەکانى سەدڕ و ئەو فەرماندانانە پتەو نیە ئەوەش بەهۆى ناکۆکى ڕیشەیى ئایدۆلۆژى و دور و درێژ لەنێوانیاندا هەیە.

ئایندەى میلیشیا چەکدارەکانى عێراق و ناوچەکە لەنێوان موقتەدا سەدڕ و حەسەن نەسروڵادا

 

.

نەسروڵا چاودێرى دۆخەکە دەکات

.

دواى کوژرانى قاسم سولەیمانى لەلایەن ئێرانەوە حەسەن نەسروڵا بەشێوەیەکى کاتى بۆ سەرپەرشتیکردنى کۆمەڵێک کاروبارى میلیشیاکانى عێراق ڕاسپێردراوە، لەناوچەکەدا نەسروڵا خاوەن هەژمونێکى تایبەتە بەلاى شیعەکانەوە و ئەوانەى دژایەتى ئەمریکا لەناوچەکەدا دەکەن، نەمانى قاسم سولەیمانیش کە پێناچێ کەسێک بتوانێ رۆڵەکەى ئەو وەربگرێت چانسى نەسروڵاى زۆرتر کردووە یاریکەرى سەرەکى گۆڕەپانەکە بێت.

.

بەلاى چاودێرانەوە، شوێنگەرەوەکەى سولەیمانى کە ناوى ئیسماعیل قائانیە و ئێستا بەرپرسى سوپاى قودسە، پێناچێ بتوانێت شوێنپێى سولەیمانی هەڵبگرێت، ئەوەش بەهۆى جیاوازى ئەو بارودۆخەى کە ئەو دوو سەرکردەیەى تێیدا لەدایک بوون و واى کرد سولەیمانى بکاتە کارێزما، بەپێچەوانەوە چانسى قائانى کەمترە بەهۆى ئەوەش ناوچەکە پڕە لەفەرماندەى گەنجى وەکو موقتەدا سەدر و حەسەن نەسروڵا ئەوەش ڕێگاکەى لەقائانیى سەختر کردووە.

.

دیدەوانانى ئەو بۆچونە، پێیانوایە فەرماندە نوێییە ئێرانییەکە ناتوانێت کۆگیریەک لەسەر خۆى لەبەرەى بەرخۆدانا کۆبکاتەوە، واتا کێبڕکێیەکە زیاتر لەنێوان فەرماندە میلیشیاکانى عێراق بەتایبەت سەدڕ و نەسروڵادا چڕ دەبێتەوە، بەڵام وتەیەکى نەسروڵاش کە هەشتاکان وتویەتى ” ویلایەتى فەقێ فەرمانڕەواى وڵاتە موسڵمانەکان دیارى دەکات چونکە ویلایەتەکە بێ سنورە و نەبەستراوەتەوە جوگرافیاوە” زیاتر سیناریۆکان یەکلایى دەکەنەوە.

.

چانسى ئەو دوو ڕابەرە و جیاوازییەکانیان لەڕووى توانا و لایەنگر و هەروەها بارودۆخى وڵاتەکانیانەوە ڕۆڵ لەو پرسەدا دەبینێت.

.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل