Shadow Shadow

ئایدۆلۆژیبوون

17:49 پێنج شه‌ممه‌ 27 حوزه‌یران 2019
article image

ناس بیروڕا – ناسیح مەلا کەریم

.

دابه‌شبوونی مرۆڤه‌كان‌ له‌سه‌ر ئه‌ساسی ره‌گه‌ز و چینایه‌تی و ئایدۆلۆژی له‌ سیما دیاره‌كانی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌. ئه‌مڕۆ زیاتر له‌ هه‌ر كاتێكی تر ململانێ ئایدۆلۆژیه‌كان له‌په‌ره‌سه‌ندندان، به‌تایبه‌ت دوای سه‌رهه‌ڵدانی (سیسته‌می نوێی جیهانی) و به‌ تایبه‌تریش دوای ڕووداوه‌كانی (11ی سێپتێمبه‌ری 2001) و زیادبوونی هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكا و  هاوپه‌یمانه‌كانی (له‌ڕووه‌ ئایدۆلۆژیه‌كه‌یه‌وه‌)  و هێنانی مۆدێلێكی نوێ له‌ ئیسلامی ئه‌مه‌ریكی. نه‌خاسمه‌ كه‌ هه‌ندێ جار عاتیفه‌ – سۆز- ته‌حه‌ككوم ده‌كات له‌م په‌ره‌سه‌ندنانه‌دا، هه‌ندێ جاریش لۆجیك و ژیری. له‌م جۆره‌ ململانێیه‌دا هه‌ركه‌سه‌ لایه‌نگیری لایه‌نێك یان كه‌سێك یان گروپێك یان دیدێك ده‌كات.

.

با ئێمه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمانه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ین، ده‌بینین كه‌سێك تا سه‌ر ئیسقان خۆی به‌ چه‌پ ده‌زانێت و لایه‌نگیری خۆی دووپات ده‌كاته‌وه‌ وته‌نانه‌ت وێنه‌كانی (ماركس) و( جیڤارا) و خه‌ڵكانی تری ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ له‌ شوێنكار وماڵه‌كه‌ی یان پرۆفایلی فه‌یسبو‌كه‌كه‌ی داده‌نێت.

كه‌سێكی تر خۆی به‌ سیكۆلاری عه‌یاره‌ 24ده‌زانێت و پێیوایه‌ دیموكراسی  تاكه‌ چه‌په‌ر – سیاج-ی پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤه‌ .

.

له‌ولاشه‌وه‌ ئایندارێك ده‌ستهه‌ڵده‌برێت و شایسته‌بوونی ئاینه‌كه‌ی راده‌گه‌یه‌نێت و كه‌مترین سازش له‌م شایسته‌بوونه‌ به‌ (ناپاكی ئایینی) هه‌ژمار ده‌كات . تا ئیره‌ حاڵه‌ته‌كه‌ كه‌م تا زۆر ئاساییه‌، ئاسایی به‌و مانایه‌ی مرۆڤه‌كان ئازادن له‌وه‌ی هه‌ڵیده‌بژێرن . به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ لێره‌دایه‌ ئه‌مه‌یه‌ : سه‌رباری جیاوازی ئایدۆلۆژیه‌كان، بیروڕاكان، مه‌زهه‌ب و ئاینه‌كان – چ ئاسمانی وه‌ چ مرۆیی- ئایا تا چه‌ندێك له‌سه‌ر خاڵه‌هاوبه‌شه‌كان كۆكین و هه‌وڵمان داوه‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و قه‌راغی سه‌لامه‌تی به‌رین؟؟ به‌ پیچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئایا ئه‌م دابه‌شبوونه‌ ئایدۆلۆژیه‌ تا چه‌ندێك كاری له‌سه‌ر لێكترازان و قولبوونه‌وه‌ی گیانی ده‌مارگیری و ئه‌نانیه‌ت كردووه‌؟! .

.

به‌ڵێ، مرۆڤ پابه‌ندی  بیروڕاكانی خۆیه‌تی، به‌لام خۆناكرێ ئه‌م پابه‌ندبوونه‌ بكرێته‌ پاساو بۆ تیپه‌ڕاندنی سنوره‌ مرۆیی و عیلاقاتی و به‌هاییه‌كان . چونكه‌ ئه‌وكات دابه‌شبوون و(جیاوازیه‌ ئایدۆلۆژیه‌كان) ده‌بنه‌ مه‌ترسی ڕاسته‌قینه‌ بۆ سه‌ر سه‌قامگیری و ئارامی و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و مافه‌كانی مرۆڤ .

.

لێره‌وه‌ ئه‌ركه‌ ئه‌خلاقیه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات به‌وه‌ی، سه‌رباری جیاوازیه‌ ئایدۆلۆژیه‌كانمان، سه‌رباری خوێندنه‌وه‌ جۆراوجۆره‌كانمان، سه‌رباری جیاوازی قوتابخانه‌ هزریه‌كانمان، سه‌رباری فره‌یی ستراتیژیه‌ت و ئامانجه‌كانمان..سه‌رباری ئه‌مانه‌، ده‌كرێت و ده‌بێت غه‌می هاوبه‌شمان كاركردن بێت بۆ  ئاسوده‌یی تاك و ئارامی خێزان و سه‌قامگیری كۆمه‌ڵگه‌، هه‌ركه‌سه‌ و له‌ سۆنگه‌ی قه‌ناعاتی خۆیه‌وه . هه‌روه‌ها كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌رهاویشته‌كانی فره‌ ئایدۆلۆژی له‌ زیهنی تاكی كوردی دا، ئیتر زه‌مه‌نیش بریار ده‌دات تا كه‌ی و تا كوێ به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌ڵده‌كه‌ین .!!

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل