fbpx
Shadow Shadow

ئایدۆلۆژیای “ئەزبەنی” و وەهمی نوێکردنەوە

14:38 شه‌ممه‌ 28 ئه‌یلول 2019
article image

ناس بیروڕا – ئومێد حەمە عەلی

.
زۆر سەیرە! پەیوەندی مرۆڤ و وەهم هێندە تۆکمە و تولانییە وەها بە مێشکا دێ, کە دەردێکی ئەبەدی بێ و هێزی خۆڕاپسکان لێی و خۆڕزگارکردن ئاستەم و نەکردەبێ. دەردێکە هەزار ڕێگا و بیانوو, هەزار دەموچاو و ناونیشان قەرزدەکا بۆ ئەوەی هەژمونی خۆی تا ئاستی پوچکردنەوەی ئەقڵ و ئەخلاق ببات. وەهم دەبێتە ئایدۆلۆژیا و هەموو پێناسەیەکی حەقیقەت بۆ خۆی قۆرخدەکا و هەزاران ئایدۆلۆژیست و شوێنکەوتوی گوێڕایەڵ بەرهەمدێنێت. وەهم بووەتە گەورەترین پیشەسازیی سیاسی و سەرزەمینی لەدایکبوونی دەیەها چەشنی بونەوەری داخراو بەسەر خۆیدا و ئامادە بۆ قەبوڵکردنی هەر شتێ گوزارشت لە ئیرادەی ئەو وەهمە بکات.

.
لە رابردووی دووردا وەهمەکان لە فەرمانڕەواییدا, لە بواری کۆمەڵایەتی و کەلتوریدا و لە تێکڕای پەیوەندییەکاندا بە روونتر لە ئێستا رۆڵیان و کاریگەرییان دیاربووە و بەوپەڕی ڕەزامەندییەوە بەرزنرخێندراون تا ئاستی پەرستنیان. ئەمە شێوازێکی پەیوەندی راستگۆیانەتر و ئەخلاقیترە لەو جۆرە پەیوەندییەی ئینسانی مۆدێرن لەژێر پەردەی زانست و ئەقلانییەتدا, لەژێر پەردەی دژایەتیکردنی وەهم و خورافەتدا پەرەیانداوە بە فۆرمگەلێکی تر لە وەهمگەرایی و خورافەتپەرستی. ئەم کێشەیە لەئاستێکی فراواندا دەرگیری کۆمەڵگە جیاجیاکان بووە و کۆمەڵگە خۆرهەڵاتییەکان لەو نێوەدا قووڵتر چەسپیون بە وەهمەکانەوە, بەتایبەت وەهمە سیاسییەکانیان, وەهمی سەرۆک, وەهمی کارێزماکان و وەهمی شۆڕش و گۆڕان, وەهمی نوێکردنەوە و خۆتازەکردنەوە, بەبێ ئەوەی لەواقیعی مێژوودا ئەم چەمک و واتایانە بوونیان ببێت.بەڵام ئەوەی کۆمیدییە موریدانی ئەم وەهمانە وەک راستەقینە تەعامول لەگەل وەهمەکاندا ئەکەن.

.
کێشەی ئەم کۆمەڵگە سیاسییەی ئێمە غیابی بیرکردنەوە و هزری ڕاستەقینەیە, کە بیتوانیایە هەمیشە بە وریایی و هەستیاریی تیژەوە لەهەموو نیاز و کردەوەیەکی سیاسی بڕوانێ و هەڵوێست وەربگرێت. نەبوونی وەها بیرکردنەوەیەکی تیژ بووەتە هۆیەکی بەپیت بۆ بەرهەمهێنانەوەی ڕابردوو بە ناوی ژیانی تازەوە. یەکێک لەو چەمکانەی لە دونیای سیاسی ئێمەدا بەکارهێنانێکی زۆری هەیە و, لەڕێگەی بانگەشەی خۆنوێکردنەوە و نوێکردنەوەوە هەمان دۆخ و ئەقڵییەت کە پێویستی بەتێپەڕاندنە, دەپارێزرێ و بەهێزدەکرێتەوە.

.
کوردستان ئێستا کۆمەڵێک خێزانی سیاسی بەڕێوەی دەبەن, کە هەریەکەیان لەباوانە سیاسییەکانیانەوە, موڵک و ماڵ و سەروەتێکی چەند ملیار دۆلارییان بۆ ماوەتەوە و خاوەندارێتی کۆمپانیا و وزە دەکەن. لەسەر ئەم ئەساسە خاوەنی حیزب و بریارە سیاسییەکانن. بۆ مانەوەی ئەم رەوشە و رووکەشکردنی, هەرچی هێزی چەواشەکردن و میدیایی خۆیانە بەکاریدەهێنن بۆ بەخشینی ڕۆڵی چاکەخواز و نوێکەرەوە و, بەکاریزماکردنیان, ئەمەش ئەو پیشەسازیی وەهمەیە کە ئیش لەسەر ئەوە دەکات لە ڕەگەزی ڕزیو و هیچ لەبارانەبووی نەوەی خێزانە سیاسییە قۆرخکارەکانەوە بوونێکی پێویست و ئاڵتونی پیشانبدات. ئەفسوس, لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر هەن, کە بەرئەنجامی هەژاریی ئەقڵیی و فیکریی, یان بەخاتری بەرژەوەندی باوەڕ بەم وەهمانە ئەکەن و بوونەتە ئامڕازێکی بێ ڕۆح و کۆنتڕۆڵکراوی ئەم ئایدۆلۆژیای ئەزبەنییە.

.
ئایدۆلۆژیای ئەزبەنی هەنوکە بە قووڵاییەکی تردا دەڕوات و باڵکێشی بەسەر زۆربەی هێز و جوڵانەوە سیاسییەکانی ئێمەدا هەیە و, خەریکە پەسەندییەکی ئاشکرا و بێ پەردەی ناوخۆیی هەموو هێزەکان وەردەگرێ, بەهەموو ئەو هێزانەوەش, کە بۆ ماوەیەک رووکەشییانە و پەرچەکردارییانە وەک نەیاری ئایدۆلۆژیای ئەزبەنی دەرکەوتون. ئایدۆلۆژیای ئەزبەنی ئەو فۆرمە لە بیرکردنەوە و ئەخلاقە کە ڕەوایەتی بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی دەدات و حوکمی پشتاوپشتی نەوە و مناڵی سەرۆکەکان و خێزانە سیاسییەکانی قەبوڵە و خزمەتی پێدەکات. ئایدۆلۆژیا سیفەتێکی سەرسوڕهێنەری هەیە لە دۆزینەوەی ڕەوایەتی و خافاندنی ئینساندا, بەشێوەیەک زۆرجار دەرگیری ئەو مرۆڤ و هێزانەش دەبین, کە بەبانگەشەی شۆڕشگێڕانە و گۆڕانخوازیی دیموکراتییانەوە دەرکەوتون, بەڵام نەیانتوانیوە ئەقڵ و هێزی ڕزگاربونیان لەم ئایدۆلۆژیایە هەبێ و, کۆتاییەکی تراژیدییان بۆ خۆیان هەڵبژاردووە و, لە مەعبەدی ئایدۆلۆژیای ئەزبەنیدا خۆکوژیی سیاسی و هزریی و ئەخلاقییان ئەنجامداوە.

.
” ئەوەی بە پلەی یەک بۆ هەر ئینسانێکی ئێمە گرنگە خۆڕزگارکردنێکی هزریی و ئەخلاقی ڕاستەقینەیە لە هەژمونی ئایدۆلۆژیای ئەزبەنی و ناونیشانە جیاوازەکانی”

 

 

وشە كلیلەكان:

Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل