fbpx
Shadow Shadow

لەکۆنگرەدا یەکلاییکردەوە

ئایا یەکگرتوو دەستبەرداریی کارى سیاسی دەبێت؟

23:01 شه‌ممه‌ 28 کانونی یەکەم 2019
article image

ناس کورد-

 

یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان بڕیاریدا گۆڕانکاریی لە شێوازى کارکردنیدا نەکات و دەستبەرداریی کارى سیاسی نەبێت، بەڵکو بە قۆناغ بەندى کار بۆ جیاکردنەوەى کارى بانگەواز لە سیاسەت بکات.

.

پرسی جیاکردنەوەى کارى بانگەواز لە سیاسەت، پرسێکى گەرمى کۆنگرەى هەشتەمى یەکگرتوو بوو کە ئەمڕۆ دەستیپێکرد، بۆ ئەو مەبەستەش چەند پڕۆژە و پێشنیازێک پێشکەش کرابوون.

.

یەکێک لە پێشنیازەکان تایبەت بوو بەوەى یەکگرتوو دەستبەرداریی کارى سیاسی بێت و خۆى یەکلایی بکاتەوە بۆ کارى پەروەردە و بانگەواز، پڕۆژەیەکى دیکەش کە لەلایەن ئەبوبەکر کاروانى یەوە پێشکەش کرابوو تایبەت بوو بە جیاکردنەوەى کارى سیاسی لە بانگەواز، پڕۆژەیەکى دیکەش هەبوو بۆ ئەوەى یەکگرتوو بەم شێوەیەى ئێستا لەکارکردن بەردەوام بێت.

ئایا یەکگرتوو دەستبەرداریی کارى سیاسی دەبێت؟

ئەبوبەکر هەڵەدنى ئەندامى کۆنگرەى یەکگرتوو بە ناس کوردى ڕاگەیاند “لەکۆنگرەدا بڕیاردرا ئەم چوار ساڵەى داهاتوو یەکگرتوو بەم فۆڕمەى ئێستاى بەردەوامى بە کارکردن بدات، هەموو ئەو هەوڵانەى هەبوون بۆ جیاکردنەوەى بانگەواز و سیاسەت سەریاننەگرت”.

.

وتیشى”بەم شێوەیەى ئێستا یەکگرتوو ناتوانێت بەردەوام بێت، لەسەدا چلى ئەندامانى کۆنگرە خوازیاى گۆڕانکاریی بوون و دەنگیان بە پڕۆژەکەى ئەبوبەکر کاروانیدا لەو بارەیەوە، بەڵام زۆرینە لەگەڵیدا نەبوو”.

.

لەکۆنگرەى یەکگرتوودا بڕیاردرا چوار ئەنجومەنى تایبەت بە پەروەردە، ڕێکخستن، پەرلەمان و حکومەت، پیشەیی و جەماوەرى دروستبکرێن و هەریەکە و بە سەربەخۆ کارى خۆیان بکەن، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ جیاکردنەوەى بانگەواز و سیاسەت لە قۆناغەکانى داهاتوودا.

.

سەڵاحەدین بەهادین پێش ئەوەى بە ئەمیندارى گشتى ئەو حزبە هەڵبژێردرێتەوە لە وتەیەکدا لەبەردەم ئەندامانى کۆنگرەى حزبەکەى جەختیکردەوە، کە پرسی جیاکردنەوەى دەعوە و سیاسەتییان لە قاچاخییەوە بردووەتە سەر مێز و گفتوگۆى لەسەر دەکەن.

.

وتیشى “ئەو بابەتە لە زۆر وڵاتی تر ئەنجام دراوە، لە هەندێکیان سەرکەوتوو بووە و لە هەندێکی تریان شکستی هێناوە، بەڵام ئێمە سەرجەم ئەگەرەکان گفتوگۆ دەکەین.”

ئایا یەکگرتوو دەستبەرداریی کارى سیاسی دەبێت؟

پرسی جیاکردنەوەى کارى بانگەواز لە سیاسەت لە زۆربەى کۆنگرەکانى یەکگرتوودا پرسێکى گەرم و جێگەى مشتومڕ بووە، لە کۆنگرەى پێشوودا یەکگرتوو دوو ئەنجومەنى جیاجیاى بۆ دروستکردن بۆ ئەوەى بەسەربەخۆ کارى خۆیان بکەن، بەڵام هەردوو پرسەکەى لەیەکتر جیانەکردەوە.

.

سەرچنار ئەحمەد ئەندامى کۆنگرەى یەکگرتوو بە ناس کوردى ڕاگەیاند، لە کۆنگرەدا بڕیاردرا یەکگرتوو وەکو پێشوو لە کارى سیاسی بەردەوام بێت، پرسی جیاکردنەوەى کارى بانگەواز لە سیاسەت بە قۆناغ بەندى کارى لەسەر بکرێت.

.

وتیشى “لەچوار ساڵى داهاتوودا و وەکو تاقیکردنەوەیەک ئەو چوار ئەنجومەنە بەشێوەى سەربەخۆ کاردەکەن، ئەگەر کارەکە سەرکەوتووبوو دواتر بڕیارى دیکە لەسەر ئەو پرسە دەدرێت”.

.

لەیەکەم ڕۆژى کۆنگرەى یەکگرتوودا سەڵاحەدین بەهادین بە ئەمیندارى گشتى ئەو حزبە هەڵبژێردرایەوە و بەسەر ئەبوبەکر عەلى ڕکەبەریدا سەرکەوت، کە بەردەوام داواى جیاکردنەوەى کارى بانگەواز لە سیاسەت دەکات و لەم کۆنگرەیەدا پرۆژەیەکى لەو بارەیەوە پێشکەشکردبوو.

.

یەکگرتووى ئیسلامى لەساڵى 1994 وەکو حزبێکى ئیسلامى بێچەکى میانڕەو خۆى ڕاگەیاند، تا ئێستا حەوت کۆنگرەى بەستووە و ئەمڕۆش کۆنگرەى هەشتەمى دەستپێکرد کە سبەینێش بەردەوام دەبێت.

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل