fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

چەندی پێویستە و چەندە بەرهەم دەهێنێت؟

ئایا چین دەمامکی پێویستی هەیە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى کۆرۆنا؟

15:08 هه‌ینی 07 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

لەگەڵ بەردەوامی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەرزبوونەوەى ژمارەى مردووان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە، چین داوا لە وڵاتانی تر دەکات هاوکاری بکەن لە دابینکردنی دەمامکی زیاتر، بەڵام ئایا چەندی پێویستە و چەندە بەرهەم دەهێنێت؟

.

سەرباری گومانی شارەزایان لە کارایی و ڕادەی ڕێگری لە توشبوون بە ڤایرۆسەکە، بەکارهێنانی دەمامک لەناو خەڵک و کرێکاران و کارمەندانی پزیشکی بە شێوەیەکی بەرچاو دەبینرێت و زیادی کردووە.

.

دیاریکردنی ژمارەى دەمامکی پێویست بۆ بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە لە چین ئەستەمە، بەڵام دەتوانین ژمارەیەکی نزیک دیاریبکەین لەڕێگەى وەرگرتنی نمونەی هەرێمی هوبی کە ناوەندی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکەیە.

.

ئەگەریش تەنها باسی کارمەندانی کەرتی تەندروستی بکەین، ئەوە تەنها لە هەرێمی هوبی نزیکەى 500 هەزار کارمەندی تەندروستی هەیە، ئامۆژگاری ئەو کارمەندانەش دەکرێت کە ڕۆژانە چوارجار دەمامکەکانیان بگۆڕن، بۆیە تەنها ئەوان پێویستییان بە دوو ملیۆن دەمامک هەیە لە ڕۆژێکدا کە ئەوەش ڕێکارێکە و ڕۆژانە لە نەخۆشخانەى ووهان کە گەورەترین شاری هەرێمەکەیە هەیە.

.

هیچ ئامارێک نییە لەبارەى ژمارەى کارمەندانی تەندروستی لە هەرێمەکانی تری چین کە ڤایرۆسەکەى تێدا بڵاوبووەتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتیی لە هەرێمەکانی تر هەمان بەکارهێنان هەیە بۆ دەمامک.

.

زیاتر لەوەش، بەکارهێنانی دەمامک لەناو خەڵکدا بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە چونکە بەرپرسانی وڵات داوا لە خەڵک دەکەن بە بەردەوامی بەکاری بهێنن.

.

هاوکات حکومەت زیاتر لە نیو ملیۆن کەسی کە لە کەرتی گواستنەوەى گشتیدا کاردەکەن ناچارکردووە بە بەکارهێنانی دەمامک، بەشێکی زۆر لە بازاڕ و ناوەندە بازرگانی و کۆمپانیا و شوێنەکانی تریش داوا لە سەردانیکەرانیان دەکەن لەکاتی چوونەژوورەوەدا دەمامک بەکاربهێنن.

.

هەرچەندە تائێستا بە دیاریکراوی نەزانراوە ڕۆژانە چەندە دەمامک لە چین بەکاردەهێنرێت، بەڵام ئەوە ڕوونە کە خواست لەسەر دەمام بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بە تایبەت دوای تەواوبوونی پشوی سەری ساڵ و گەڕانەوە بۆ کار لە ناوەڕاستی شوباتدا، خواستەکە زیاتر دەبێت.

.

چین چەند دەمامک بەرهەم دەهێنێت؟

.

لە کاتە ئاساییەکاندا، چین ڕۆژانە نزیکەى 20 ملیۆن دەمامک بەرهەم دەهێنێت کە ئەوەش نزیکەى نیوەی سەرجەم ئەو دەمامکانەیە کە جیهان بەرهەمی دەهێنێت لە ساڵێکدا.

.

بەڵام ئەو ژمارەیە لەئێستادا بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵ و هەروەها بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمیکردووە بۆ 10 ملیۆن لە ڕۆژێکدا، ئەو ژمارەش بەشی پێداویستی دۆخی ئێستای چین ناکات بە تایبەت دەمامکی جۆری باش کە زیاتر کارایە و دەتوانێت ڕێگری لە نەخۆشییەکە بکات.

چێن جۆرێک دەمامک بەرهەم دەهێنێت کە پێی دەوترێت “ئێن-95” کە دەتوانێت 95% هەوا پاک بکاتەوە، ئەو جۆرە چالاکترین و کاراترین جۆری دەمامکە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا.

.

لەئێستادا چین ڕۆژانە تەنها 600 هەزار دەمامک لەو جۆرە بەرهەم دەهێنێت، لەکاتێکدا ڕۆژی 27ی کانونی دووەمی 2020، هەرێمی جیجیانگ ڕایگەیاند کە ڕۆژانە پێویستی بە یەک ملیۆن دەمامکە لە جۆری “ئێن-95”.

.

لە ئێستادا نەخۆشخانەکان دەمامکی پێویستیان نییە و نرخەکەشی بەهۆی زۆربوونی خواست لەسەری، بە شێوەیەکی بەرچاو گران بووە.

.

ماڵپەڕی “تاوباو” بۆ بازاڕکردنی ئۆنلاین ڕایگەیاند، تەنها لە دوو ڕۆژی مانگی کانونی دووەمدا زیاتر لە 80 ملیۆن دەمامکی فرۆشتووە.

.

ئایا چینییەکان دەتوانن دەمامک لە دەرەوە هاوردە بکەن؟

.

لەنێوان 24ی کانونی دووەم تاوەکو 2ی شوبات، چین زیاتر لە 220 ملیۆن دەمامکی لە وڵاتانی دەرەوە کڕیوە کە کۆریای باشور و میسر یەکێکن لەو وڵاتانە.

.

لە سەرەتاکانی مانگی شوباتدا، بەرپرسانی چینی باجی گومرگی سەپێنراویان لەسەر کەلوپەلی تەندروستی هاوردەکراو لادا.

.

کۆمپانیا “3M”ی ئەمریکیش کە دەمامکی جۆری باش بەرهەم دەهێنێت ڕایگەیاند، کار دەکات بۆ زیادکردنی بەرهەمەکانی، هاوکات کۆمپانیای “کامبریدج ماسک”یش لە بەریتانیا دەڵێت، داواکارییەکی بێشوماری بۆ فرۆشتنی دەمامکی جۆری باش بۆ هاتووە.

.

بەڵام چەند وڵاتێکی وەک تایوان و هیندستان هەناردەکردنی کەلوپەلی تەندروستی و دەمامکیان قەدەغەکردووە لە ترسی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە لە ناوخۆدا و دەڵێن، “پاراستنی هاوڵاتیانمان لە پێشینەى کارەکانمانە.”

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل