fbpx
Shadow Shadow

ئایا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى نیوەی هەرێمی کوردستانە؟ یەکێتى دەنگ بە کابینەى نوێ نادات

16:31 سێ شه‌ممه‌ 28 ئایار 2019
article image

ناس کورد – وریا حسێن

لەکاتێکدا نێچیرڤان بارزانى وەکو خاڵى ئەرینى بۆ پێکهێنانەوەى یەکێتى و پارتى تەماشا دەکرا لەپرسى پێکهێنانى حکومەت، بەڵام ئەمڕۆ هەڵبژاردنى ئەو وەکو سەرۆکى هەرێم “یەکێتى و پارتى” گەیاندنەوە دۆخێکى پڕ ململانێ.

ئەمڕۆ، 28ی ئایاری 2019، نێچیرڤان بارزانی بە دەنگی 68 پەرلەمانتار بە سەرۆکى هەرێم هەڵبژێردرا، بەڵام یەکێتى، پێچەوانەى ڕێککەوتنەکەى لەگەڵ پارتی، دەنگی بە نێچیرڤان بارزانی نەدا و بایکۆتی دانیشتنەکەى کرد.

نێچیرڤان بارزانی کە تاڕادەیەکی زۆر پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان باش بوو، ئێستا و لەدوای هەڵبژاردنی بە سەرۆکى هەرێم، خۆی و پۆستەکەى بوونەتە جێگەی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتى.

ئایا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى نیوەی هەرێمی کوردستانە؟ یەکێتى دەنگ بە کابینەى نوێ نادات

یەکێتى لەزارى وتەبێژەکەیەوە بڵاویکردەوە، فراکسیۆنەکەیان بایکۆتى هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێمى کردووە بەهۆى ئەوەى پارتى پابەند نەبووە بە ڕێککەوتنى پێکهێنانى حکومەتى نوێ.

بەبڕواى یەکێتى، “بەشێکى خۆى لەدانانى پارێزگارى کەرکوک” دەبینێتەوە کە “پارتى پێشیلى کردووە”.

یەکێتى هەڕەشەى ئەوەدەکات و دەڵێت، “هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌بێ ده‌نگی فراكسیۆنی یه‌كێتی، پرسی بڕیاردان و شه‌رعییه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ به‌رده‌م بارودۆخێكی نوێوه‌، هه‌روه‌كو پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌خاته‌ به‌رده‌م ئه‌گه‌ر و پێشهاتی تازەوە‌”.

بە خوێندنەوەى ئەو لێدوانەی یەکێتى، گفتوگۆکانى پارتی و یەکێتى جارێکى تر دەچنەوە خاڵی سفر، بەوپێیەى یەکێتى هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەى ڕێککەوتنى پێکهێنانی حکومەت دەکات کە پێشتر دووجار لەسەری ڕێککەوتن و واژۆیان کرد.

.

“ئەگەری هەیە یەکێتى دەنگ بە کابینەى حکومەت نەدات”

.

سامان گەرمیانى، ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى لە شرۆڤەى هەڵوێستەکەى یەکێتیدا بۆ ناس کوردی وتی، هەڵوێستەکەى یەکێتى پەیوەستە بە جێبەجێنەکردنى ڕێکەوتنى نێوان یەکێتى و پارتیەوە چونکە “کێشەى بەغدا و کەرکوکمان بەلاوە گرنگە وا ڕێکەوتووین ئەو دوو پاکێجە بە هەرێمەوە بەستراون، بەڵام پارتى بەبێ ڕونکردنەوە ڕێکەوتنەکەى جێبەجێنەکرد”.

.ئەو ئەندامەى سەرکردایەتى یەکێتى پێى وایە ئەگەرکان کراوەن و یەکێک لەوانەش یەکێتى دەنگ بەکابینەى نوێ نادات، وتى “ئەو پرسە  لە سەرکردایەتى یەکێتى یەکلایی دەکەینەوە”.

دەنگنەدانى یەکێتى شەرعیەتى نێچیرڤان بارزانیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە، هەروەکو لە ڕاگەیەنراوەکەى یەکێتیش ئەو پرسە بەڕونى باسکراوە و دەڵێت: “هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌بێ ده‌نگی فراكسیۆنی یه‌كێتی، پرسی بڕیاردان و شه‌رعییه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ به‌رده‌م بارودۆخێكی نوێوه‌”، ئەوەش واتاى ئەوەى “دەسەڵاتەکانى نێچیرڤان بارزانى لەزۆنى سەوز بڕناکەن”. بەگوێرەى چەند میدیاییەکى نزیک لە یەکێتى.

.

“یەکێتى غەدری لە نێچیرڤان بارزانی کردووە”

.

لەلایەکی ترەوە، فازیل بەشارەتى، ئەندامى سەرکردایەتى پارتى پێى وایە ئەمڕۆ یەکێتى غەدرى کردووە “چونکە نێچیرڤان بارزانى لەناو پارتى تاکە کەسە کە زۆر مرونەتى بەرامبەر یەکێتى نواندووە بۆیە دەبوو ئەگەر ناکۆکیش هەبوایە دەنگیان بدایە.”

لەبارەى پاساوەکەى یەکێتیشەوە، فازیل بەشارەتی وتی، “کەرکوک لە قوڕگى شێردایەوە، ئەو مامەڵەیەى یەکێتى بۆ کەرکوک دەیکات وەکو کڕینى ماسیەک وایە لە بەحرى خەزەر بێت”.

فازل بەشارەتى باوەڕیى وایە ئەگەر یەکێتى دەنگ بە حکومەت نەدات زیانى گەورە دەکات و دەڵێت: “هیوادارم یەکێتى ئەو مامەڵەیەى ئەمڕۆ کردى بۆ دەنگدان بەکابینەى نۆهەم نەیکاتەوە”.

.

“پارتی خۆی بە بایکۆتی یەکێتییەوە سەرقاڵ ناکات”

.

نێچیرڤان بارزانى لەقۆناغێکدا پۆستى سەرۆکى هەرێم وەردەگرێت ئەو پۆستەى لاى خەڵکى کوردستان و پەرلەمان بە پۆستێکى کێشەلەسەر وەسفدەکرێت، بۆ ئایندەش کۆسپى هەرە گەورە شەرعیەتى ئەو پۆستە و دەسەڵاتەکانى دەبن لە هەموو کوردستان.

پێشەوا هەورامانى، پەرلەمانتارى پارتى لەپەرلەمانى کوردستان باوەڕى وایە پارتى لەم قۆناغەدا نایەوێت خۆى بەوەوە خەریک بکات کە یەکێتى دەنگى نەداوە و وتى “نێچیرڤان بارزانى دەستوپەنجەى لەگەڵ سەختیەکان ڕاهاتووە و ئەو قۆناغە تەواو دەکات کاک مەسعود دەستیپێکرد”.

.

بەگوێرەى زانیارییەکانى ناس کورد، پارتى بە فەرمى هەڵوێستى خۆى لەبەرامبەر بایکۆتەکەى یەکێتى ڕادەگەیەنێت، هاوکات لەناوخۆشدا بە فراکسۆنەکەیان وتراوە “چاوەڕێى بڕیارى حیزب بن”.

هەر بەگوێرەى ئەو زانیارییانە یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە لە پێکهێنانى حکومەتدا ئەگەر دۆخەکە درێژە بکێشێت ئەوا فراکسیۆنى پارتى و هاوسۆزەکانى دەنگ بەکاندیدەکانى یەکێتى نادەن، بەگوێرەى ووتەى ئەندامێکى فراکسیۆنى پارتى بۆ ناس کورد “ئەگەر پارتى دەنگ بە یەکێتى نەدات ئەوا بەدڵنیایەوە کاندیدەکانیان دەرناچن”.

.

“پۆستەکان پڕناکەینەوە”

.

لە بەرانبەردا، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى بۆ ناس کورد  هۆشدارى ئەوەیدا پارتى ئەگەر پۆستەکانى یەکێتى بە بەتاڵى لە کابینەى نوى بەجێبهێڵێت ئەوا یەکێتى بایکۆتى پرۆسەى سیاسى دەکات، وتیشى، “پۆستەکان پڕناکەینەوە”.

نێچیرڤان بارزانى بەهۆى نزیکى لە یەکێتیەوە هۆکارى بەیەک گەیاندنى ئەو دوو لایەنە بوو بۆ کابینەى نوێ، ئێستا ئەو دوو هێزە لەسەر پۆستەکەى ئەو گەڕاونەتەوە چوارگۆشەى یەکەمى کێشەکان، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لەم دۆخە ئاڵۆزەدا حکومەت نابێتە قوربانى ململانێکان و چەندین ڕۆژ و مانگ بچێتە سەر ئەو 241 ڕۆژەى کە بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕبووە.

بە پێچەوانەوە، دور نییە یەکێتى و پارتی جارێکى تر دانوستان بکەنەوە و وەک سەرجەم کێشەکانى تر، بە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنێکى تر ئەم قۆناغەت تێبپەڕێنن.

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل