fbpx
Shadow Shadow

"ڕەنگە ڕێککەوتنى ژێربەژێر هەبێت"

ئایا تورکمان و عەرەبى کەرکوک بە یەک لیست دەچنە هەڵبژاردنى پارێزگاکەوە؟

18:36 سێ شه‌ممه‌ 08 تشرینی یه‌كه‌م 2019
article image

ناس کورد- هەڤاڵ  فەتاح

بڕیارە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق، جگە لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان، لە نیسانى ساڵى داهاتودا بەڕێوە بچێت، خواستێکیش هەیە کە لەبەرامبەر هاوپەیمانییە کوردییەکەى کەرکوک تورکمان و عەرەبى ئەو پارێزگایە لێکنزیک ببنەوە.

,

نۆ لایەنی سیاسیی کوردی بڕیاریاندا، بە لیستی “هاوپەیمانی کوردستانی” لە پارێزگاى کەرکوک و نەینەوا و دیالە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکەن، عەبدولڕەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشوتری کەرکوکیش بە سەرۆکی ئەو لیستە لە کەرکوک دیاریکراوە.

,

لە بەرامبەریشدا پاش چەند کاتژمێرێک لە ڕاگەیاندنی هاوپەیمانى کوردستانى، هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك پێكهێنانی گەورەترین لیستیان بۆ ئەو هەڵبژاردنە ڕاگەیاند، كە 14 پارتی سیاسی لەخۆ دەگرێت.

,

بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى ناس کرد دەستى کەوتون، لەبەرامبەر کورددا، ئەگەرى نزیکبوونەوەى تورکمانەکان وعەرەبەکانی کەرکوک هەیە، کە لە هەوڵى ئەوەدان لە پێکەوە لە چوارچێوەی لیستێکی هاوبەشدا بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بکەن بەتایبەت لە کەرکوک.

,

لەوبارەیەوە خەلیل حەدیدی، سەرکردە لە بەرەی عەرەبی یەکگرتوو لە شاری کەرکوک کە هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیشە، لەوباریەوە تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “هیچ هەنگاوێک لەو باریەوە نەنراوە لەنێوان پیکهاتەی عەرەب و تورکمان لە کەرکوک، دروستبوونی لیستێکی هاوبەش لە نێوان ئەو دوو پێکهاتەیە ئەستەمە”.

,

حەدیدى وتیشی: “ئاواتمان ئەوەیە هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک لە یەک لێستدا کۆببنەوە بۆ ئەوەی هەمووان تایفەگەری و نەتەوەگەری لەو شارە تێپەر بکەین، چونکە کەرکوک شاری هەموانە نەک شاری لایەنێکی دیاریکراو”.

,

بەگوێرەی زانیارییەکانی ناس کورد، تا ئێستا نزیکەی 209 پارتی سیاسی بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن کۆمسیۆنەوە تۆمارکراون، ئەگەر لە حاڵەتێکیشدا هیچ هاوپەیمانییەک دروست نەبێت، ئەوا پارتەکان دەتوانن لیستی کاندیدەکانی خۆیان پێشکەش بە کۆمسیۆن بکەن.

,

هاوکات پێکهاتەی تورکمان لە کەرکوک پێیانوایە دروستبوونی هاوپەیمانی لە نێوان عەرەب و تورکمان بۆ بەشدارییکردن لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکوک ئەستەم نییە، بەڵام ئەگەرێکی لاوازە.

,

لەوباریەوە عەلی مەهدی، ئەندامی بەرەی تورکمانی و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە پێکهاتەی تورکمان، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: “هەوڵدراوە لێکتێگەیشتنێک هەبێت لەنێوان پێکهاتەی عەرەبی کەرکوک و تورکمان، بەڵام تائێستا تێگەیشتنەکان نەگەیشتونەتە ئاستێکی فەرمی”.

,

ئەندامەکەی بەرەی تورکمانی ئەوەشی خستەڕو، دروستکردنی لیستێکی هاوبەش لەنێوان عەرەبەکان و تورکمانەکان ئەستەم نییە، بەڵام لەم کات و ساتەدا ئاسان نییە بتواندرێت پێش هەڵبژاردنەکان ئەو لیستە لە کەرکوک دروستبکرێت.

,

هەرچەندە هاوپەیمانییەکەى کورد لە کەرکوک و نەینەوا و دیالە هەڵگرى ناوى کوردستانییە، بەڵام ئەندامێکى کوردى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک دەڵێت، دەرگا کراوەیە بۆ هەر پێکهاتەیەکەى تر کە بیەوێت بچێتە ناو هاوپەیمانییەکەیان.

,

کاکەڕەش سدیق، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەسەر لیستی یەکێتی، تایبەت بە ناس کوردی ڕایگەیاند: “تا ئێستا بەفەرمی هیچ شتێکمان لەو باریەوە نەبیستوە، لەو بڕوایەدانیم عەرەب و تورکمان بتوانن لە پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە کۆببنەوە، بەڵام ئەگەریش هەیە ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لە بەغدا کردبێت”.

,

ئەو ئەندامە کوردەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک وتیشی: “تورکمانەکان لەڕێگەی عەلی مەهدیەوە، ئەندامی بەرەی تورکمانی و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک داوایان لە کورد کردووە کە ڕێککەوتنێکی ستراتیژی بۆ 50 ساڵى واژوو بکەن، ئەوەش پیش هەڵبژاردنەکانی نیسانی داهاتو، بەڵام ئەو داوایەی ئەو ڕەتکرایەوە بەو پێیەی، ڕێککەوتنێکی لەو جۆرە بەشێکە لە خەیاڵ” .

,

پرسی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم، وەک یەکێک لە کێشە چارەسەرنەکراوەکان ماوەتەوە لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە ئێستاشدا سەرۆکوەزیرانى عێراق و بەرپرسانى هەرێم ئاماژە بەوەدەکەن، هەنگاوەکان بۆ چارەسەرى ئەو ناوچانە بە ئاڕاستەیەکى باشدا ڕۆشتون.

,

 

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل