fbpx
Shadow Shadow

سیاسه‌تی

ئایا بەغدا ڕێگە بە واشنتن دەدات سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە عێراق دابنێت؟

14:20 هه‌ینی 07 شوبات 2020
article image

ناس کورد-

لەگەڵ گەمتربوونی بابەتى دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت لە عێراق لەلایەن ئەمریکاوە وەک ڕێکاری خۆپارێزی لە ئەگەری هێرشەکانی ئێران، گفتوگۆ و مشتومڕێکی زۆری لە ناو شیکەرەوان و خەڵکی عێراقدا دروستکردووە، بەڵام ئەوەى جێگەی تێبینی زۆرە، تائێستا حکومەتی کاربەڕێکەر هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو بابەتە گرنگە نییە و بێدەنگی لێ کردووە.

.

بە پێچەوانەوە، لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی و هەرێمی کوردستان بەرە بەرە شتەکان ڕوون دەکەنەوە، دوێنێ مارک ئەسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەى داواکارییەکی بۆ حکومەتى عێراق ناردووە تاوەکو مۆڵەت بدات بە دانانی سیستمەکە.

.

بە قسەى بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکاش، دانانی سیستمەکە بۆ پاراستنی هێز و کارمەندان و دیبلۆماتکارانی ئەمریکایە کە لە عێراق کار دەکەن لە هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراوی ئێران بە تایبەت دوای توندبوونی گرژییەکانی هەردوولا پاش کوژرانی قاسم سولەیمانی و دواتر هێرشی موشەکی ئێران بۆسەر بنکەى سەربازی عەین ئەسەد لە ئەنبار کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیر کراوە.

.

جیاواز لەوەش، ئەوەتا مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتى هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕاگەیاند، ئەمریکا دەیەوێت سیستمى بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت لە هەرێم دابنێت بۆ پاراستنى هێزەکانى و بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕوانى مۆڵەتی حکومەتی عێراقە.

دەشڵێت، پێشوازى لە وەها هەنگاوێک دەکەن و لارییان لێی نییە.

.

زیاتر بخوێنەوە: مەسرور بارزانی: ئەمریکا چاوەڕێی مۆڵەتی عێراقە بۆ دانانی سیستمی بەرگری لە هەولێر

.

چاودێرانی بواری ئاسایش پێیان وایە کە حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق توشی چەندین گرێ و کێشەى ناوخۆیی بوەتەوە، بە تایبەت خۆپیشاندانەکانی خەڵک کە زۆربەى شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقی کردووەتەوە، دەستێوەردانی گروپە چەکدارەکانیش لە بابەتەکە و کوژرانی سەدان خۆپیشاندەر و برینداربوونی هەزاران، دۆخەکەى ئەوەنەى تر ئاڵۆز کردووە.

.

ناس کورد بۆ ئەم ڕاپۆرتە پەیوەندی بە چەندین بەرپرسەوە لە نوسینگەى فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و وەزارەتى بەرگری کرد لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام بەرپرسان ڕەتیان دەکردەوە لێدوانی لەسەر بدەن.

.

بەڵام بە قسەى هیشام هاشمی، شارەزای ئاسایشی عێراقیی، تائێستا مۆڵەت بە واشنتن نەدراوە سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە بنکە سەربازییەکانی خۆی لە عێراق دابنێت.

.

هیشام هاشمی بە ناس کوردی وت، “ئاڕاستەى کارکردنی حکومەتی کاربەڕێکەر لە ئێستادا ئەوەیە دەستی دەستی بە داواکەى واشنتن دەکات و ڕەزامەند نابێت لەسەر دانانی ئەو سیستمە و دانوستانەکان لەو بارەیەوە دوادەخات.”

.

وتیشی، “ئەگەریش ڕەزامەندی دا، مەرجی حکومەتی کاربەڕێکەر ئەوەیە کە دەبێت لە چەند شوێنێ دیاریکراو بێت وەک بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد یان هەرێمی کوردستان.

.

لەبارەى ڕا و بۆچوونی محەمەد عەلاوی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو لەبارەى بابەتەکە، هیشام هاشمی دەڵێت، “لە کۆبوونەوەیەکی پێشتردا ئاشکرای کردووە کە مەلەفە ئەمنییەکان بە حکومەتى داهاتوو دەسپێرێت واتە دوای هەڵبژاردن.”

.

ئاماژەى بەوە کرد کە ئەو دوو مەلەفەش بریتین لە “دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق و بە یاساییکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی”.

.

پێشتر بەرپرسێکی پنتاگۆن ئاشکرایکردبوو کە “وەزارەتى بەرگریی ئەمریکا ناچار دەبێت هێزێکی نوێی 400 سەربازی بنێرێتە عێراق بۆ ئیشپێکردنی سیستمەکە کە نەک هەر قەڵغانێکی ئەمنی بە چواردەوری باڵیۆزخانەى ئەمریکادا دروستدەکات بەڵکو تەواوی ناوچەى سەوزیش دەپارێزێت.”

.

جەختی لەوەشکردووە کە “سیستمی بەرگریی پاتریۆت سەرباز و کارمەندانی ئەمریکی لە عێراق لە مەترسی موشەکی زیرەک و موشەکی کوێرانەى وەک کاتیۆشاش دەپارێزێت.”

.

ڕۆژی 30ی کانونی دووەمیش 2020، مارک ئەسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا وتی، “ئەگەر سیستمی بەرگریی پاتیۆت لە عێراق هەبوایە ئەوە موشەک بەر بنکەى سەربازی عەین ئەسەد نەدەکەوت.”

وشە كلیلەكان:

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...

جۆری بابەتی دڵخوازت لەم ماڵپەڕەدا چییە؟

Loading ... Loading ...
Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل