fbpx
Shadow Shadow

ئاگر لە ئیستەنبووڵ و دووكەڵەكەی لە هەولێر

12:08 دوو شه‌ممه‌ 22 ته‌موز 2019
article image

بیروڕا-رێبوار کەریم وەلی

(1)

تورك پەندێكیان هەیە دەڵێ: “لە پڕەكەی بكەم، جێگەی نابێتەوە. لە بەتاڵەكەشی بكەم، پڕنابێتەوە”! تاوەكو نووسینی ئەم وتارە، چوار رۆژ بەسەر رووداوەكەی هەولێردا تێدەپەڕێت. هێشتا لەو بیست كامێرای چاودێرییەی كە لە دەرەوە و ناوەوەی رێستورانتی (هۆققەباز)دا هەبوون، یەك چركەش بڵاونەكراوەتەوە و دەڵێن دوای رووداوەكەش رێستورانتەكە جممەی دێت لە مشتەری! رووداوەكە هەر چۆنێك بووبێت، ئیتر لێرە بەدواوە دوای ئەو هەموو قسەوباسەی بڵاوكرانەوە، راستیی مەسەلەكە بەشێوەیەكی زۆر جیدی زیانی پێگەیشتووە. بێدەنگی دەزگا ئەمنییەكان و سستییان لە گەیاندنی زانیاری، رۆژ بە رۆژ ئەو گومانەی قووڵتر كردەوە كە شتێك روویداوە و دەبێ دابپۆشرێت.

.

هەم میدیا و هەم پارتی، لە تەمومژی سەر رووداوەكە بەرپرسیارن. بەشی زۆری میدیا هەوڵیدا رووداوەكە وەكو كەماسییەك و خاڵی لاوازیی سەرۆكوەزیران و حكومەتە نوێیەكەی وێنا بكات، یانیش وەك ململانێیەكی ناوخۆیی پێشانی بدات كە ئەوە ئەسڵ و ئەساسی نییە. بەڵام كاردانەوەی پارتیش بۆ دۆزینەوەی گیسكی گوناح زۆر ناشیانە بوو.

.

خەڵكێكی زۆر لەدوای ئەو رووداوەوە دەبنە قوربانی، دوور نییە هەدەپەش لە توركیا دابخرێت و رێگەی كاری سیاسی لێبگیرێت. دوور نییە هێرشێكی بەرفراوانی زەوینیش بۆ سەر پەكەكە بكرێت. دوایی دەردەكەوێت كە هەمووان باجی نەگوتنی راستییەكان دەدەن.

.

پڕۆژەكەی مەلا بەختیار تاڵەبانی

(2)

.

ئەخیرەن ماڵی تاڵەبانی دوای شكستە یەك لەدوای یەكەكانیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی یەكێتی، بۆیان دەركەوت كە ئەو مەلا بەختیارەی خۆیان چ نیعمەتێك بووە و ئەوان وا بە ئاسانی كردوویانەتە قوربانیی سەرەڕۆییەكانی خۆیان. پڕۆژە راگەیێندراوەكەی مەلا بەختیار شتێكی تازەی ئەوتۆی تێدا نییە، جگە لە لێدان و كوتانی نەیارە مێژووییەكانی خۆی لەناو یەكێتیدا. ئەگەرچی مەلا بەختیار ناتوانێ سەركۆنەی كەس بكات لە هەڵگەڕانەوە لە یەكێتی و رێبازی تاڵەبانی (چونكە خۆی یەكێكە لەوانەی پێش هەمووان لە یەكێتی جیابووەتەوە)، بەڵام پڕۆژەكەی بەشێوەیەك نووسیوە وەك ئەوەی خۆی خاوەنی یەكێتی بێت.

.

لەڕاستیدا، ئەوە پڕۆژەی هاوبەشی (قوباد تاڵەبانی، بافڵ تاڵەبانی و شانازی برایم ئەحمەد)ە و، ئامانجیش لێی بەرزەفتكردنی ناوەندی بڕیاری یەكێتییە كە لەم ماوانەی دواییدا بەتەواوەتی كۆنترۆڵی یەكێتییان كردووە. ئەگەرچی مەلا بەختیار عەڕابی تێكدان و سەرنەگرتنی رێككەوتننامەی 17ی مایسی 2016ی نێوان گۆڕان و یەكێتی بوو، بەڵام وا خۆی نیشاندەدات كە ئەو تەنانەت لە رابردووشدا فریادڕەسی گۆڕان بووە! لەكاتێكدا لە دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی لە 2012 وە، هەموو هەوڵی مەلا بەختیار بۆ ئەوەبوو لەسەر دەستی ئەو و وەك دەمڕاستی بنەماڵەی تاڵەبانی رێككەوتنێكی نوێی ستراتیژی لەنێوان پارتی و یەكێتیدا ئیمزا بكرێت.

.

پڕۆژەكە چەندی رووی لە یەكێتی بێت، دوو ئەوەندە رووی لە پارتییە و پارتیش هەموو دەمێ دەرگەی بەسەر مەلا بەختیاردا كراوەیە، چونكە پێیانوایە نوێنەری بەرهەقی بنەماڵی تاڵەبانییە.

.

ماڵی تاڵەبانی لە ئاست ئەو نەزمە نوێیەی كە لەناو یەكێتی هاتووەتە گۆڕێ دەستەوستانن و جارێكی دیكە هانایان بۆ مەلا بەختیار بردووە، بەڵام دیسان پارتی دەكەوێتە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی گرنگ كە ئایا تەعامول لەگەڵ ئەمری واقیع دەكات یان دەیەوێ لەگەڵ رابردووی یەكێتیدا بژیت؟

.

مەولوودی كودەتا

(3)

یەكێك لە سەرنجڕاكێشترین رووداوەكانی هەفتەی رابردوو ئەو مەولوودە بوو كە لەلایەن كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر (لە مزگەوتی سەواف) خوێندرایەوە. لەگەڵ مەولوودەكەشدا مەراسیمی پرسە بۆ كوژراوەكانی رووداوەكەی 15ی تەممووز دانرا. لە هەمووشی خۆشتر ئەوەبوو كە مەولوودخوێنەكان بە كوردی و بەدەم دەف لێدانەوە سڵاویان بۆ كوژراوە توركەكان دەنارد! ئەوەش لە كاتێكدا بوو كە هاوكات لە ترابزۆنی توركیا لەسەر وێنەگرتن لەگەڵ ئاڵای كوردستان، هاووڵاتیی كورد پەلامار درابوون و لە قەرەقۆل قایم كرابوون!

.

هەموو ئەوانە بۆ پیرۆز راگرتنی رۆژی 15ی تەممووز بوو كە گوایە توركیا لە هەوڵێكی كودەتا رزگاری بووە. راستییەكەی هەڵبژاردنی هەولێر و خوێندنەوەی مەولوود لەو شارە بێ هۆ نییە. چەندی گەڕام نەمدیت لە شوێنی دیكە كاری لەو بابەتەیان كردبێت و تازییەیان دانابێت، دیارە لەبەر دوو شت بووە. یەكەمیان هەولێر توركمانی لێییە و دووەمیشیان هێشتا ئاسەواری خوێندنگەكانی جەماعەتی خزمەت (فەتحوڵڵا گولەن) لە هەولێر ماوە. تاوەكو راددەیەكیش سۆزی خەڵكیان بۆ لای خۆیان راكێشاوە كە حكومەتی توركیا لەو پەیوەندییە رووحییە دەترسێت.

.

Do NOT follow this link or you will be banned from the site!
عاجل عاجل